Merziye Feriqi

Shesh Pepule

Shesh Pepule

529

Listeners

2595

Total plays

8

Likes

 شەش پەپوولەکەی گۆشەی باخەکەم
هەر بۆ ئێوەیە ئاخ و داخەکەم
هەر بۆ ئێوە لێو بە باری خەمم
بلبلی بەستەی گریە و ماتەمم
هەر وەکوو پاییز ڕەنگ زەردی ئێوەم
ناخی دەرون پڕلە دەردی ئێوەم
خەمی ئێوەیە خەو و خۆراکم
شەوی تاریکە ڕۆژی ڕووناکم
بەرد ئەسوتێنێ گەرمیی هەناسەم
بە سۆزی دڵ و ئاگری تاسەم
هاوار و ناڵەی مات و بێ دەنگم
خورپە و لێدانی دڵەکەی تەنگم
چۆن بوو نەمردم دیم وا بەڕێوە
هەوری چڵکنی دووری لە ئێوە؟
لەسەر ئێوە و من لەسەر ئەو باخە
هەوری مەینەتی کەوتە چەخماخە
چەن گۆپکە و چرۆ چەن خونچە چەن گوڵ
سوتا هەڵوەری بە ناکامی دڵ
خەم و پەژارە وەک جاری جاران
باری بەوێنەی ڕەهێڵەی باران
لافاوی دووریی هات ڕای فڕانم
بەرەو نەهاتێ خۆشم نەزانم
٢
شەش پەپوولەکەی گۆشەی باخەکەم
هەر بۆ ئێوەیە ئاخ و داخەکەم
لەو ڕۆژەوە من دوورم لە ئێوە
هەر خۆم ئەزانم دڵ چەن پەشێوە
هەر خۆم ئەزانم کام بڵێسەی خەم
لە دەروونەوە بەربۆتە جەستەم
هەر خۆم ئەزانم دەردی دڵی خۆم
توخوا با هەر خۆم بۆ خۆم خەم بخۆم
هەر خۆم ئەزانم چەن بە سەرسامی
گرتوومە ملی ڕێی بێ ئارامی
دەس لەناو دەستی دڵەی ڕەنجەڕۆم
بە ڕێی دڕکاوی مەینەتا ئەڕۆم
وەک مارانگەستە زامم پل ئەدا
بە ڕۆژ و بە شەو تەپاوتل ئەدا
ڕۆژ تا ئێوارە، شەو تا بەیانی
ساوای دڵ گەرمە جۆشی گریانی
لە تاو دووری جێ بە خۆم ناگرم
هەر ئەڵێی لەسەر پشکۆی ئاگرم
پەپوولەکانم: هەر خۆم ئەزانم
چەن بە ناسۆرن برینەکانم
٣
شەش پەپوولەکەی گۆشەی باخەکەم
هەر بۆ ئێوەیە ئاخ و داخەکەم
من باخەوانی باخی ئێوە بووم
داخی سەر دڵی داخی ئێوە بووم
باخچەم ئەکێڵا بە برژانگی چاو
تک تک ئارەقم بۆ ئەکرد بە ئاو
بە تاسەی دڵ و سۆزی گیانەوە
بەهەشتی ئێوەم ئەڕازانەوە
تا ماندوو بکەن جووتە باڵەکان
بۆ سەر گەڵای سەوز گوڵە ئاڵەکان
تا گەشت و سەیران تێر و تەسەل بێ
شوێن حەسانەوە سەر لق و پەل بێ
هەڵمژن بۆن و بەرامەی خۆش خۆش
ئاونگ لە پەڕەی گوڵا بکەن نۆش
ڕۆژ بەسەر بەرن لە باوەش گوڵدا
شەویش لە کۆشی گەرمی توێی دڵدا
ئای لەو ئارامە، ئای لەو شادییە
ئای لەو ژیانی پڕ ئازادییە
کە بێن و بچن بە دڵی خۆتان
گیانی باخەوان ڕێی هات و چۆتان
ئاخ هەوری چڵکن لە ئێوەی کردم
بە لافاوی سوور بۆ دووری بردم
٤
شەش پەپوولەکەی گۆشەی باخەکەم
هەر بۆ ئێوەیە ئاخ و داخەکەم
یادی ڕۆژانی عومری ڕابردوو
کە چەن زوو هات و چەن زوو بەسەرچوو
یادی فڕینی ئەو ناو بەهەشتە
سەیر و سەیران و گەڕان و گەشتە
یادی ئەو هەموو یادگارانە
بزەی سەر لێوی ژینی جارانە
وا لەبەر چاوی خەیاڵاتی من
بە ڕۆژ و بە شەو هەر دێن و ئەچن
داخی بە جەرگم کە باڵ پەشێون
ئێوەش وەکوو من خەم لەسەر لێون
ئەزانم پاییز، پاییزی ماتەم
چی کرد بە گوڵ و گەڵای باخەکەم
ئەزانم ئێوەش وێڵ و ئاوارەن
وەک من دڵ پڕ لەم ناڵە و هاوارەن
بە شوێنی منا ئەسووڕانەوە
بە هیوای بەرە و باخ گەڕانەوە
ئیتر چۆن سۆزی دەرونی پەستم
گڕ بەر ناداتە دێڕی هەڵبەستم؟!
یان چۆن بڵێسەی پەژارە و خەمم
گڕ بەر ناداتە وشەی سەر دەمم
٥
شەش پەپوولەکەی گۆشەی باخەکەم
هەر بۆ ئێوەیە ئاخ و داخەکەم
لافاوی دووری ئەنیشێتەوە
تەم و خەمی دڵ ئەڕەوێتەوە
دەستە بە دەستە باخەوانەکان
ئەگەڕێنەوە بەرەو باخەکان
ئەوسا سەرلەنوێ بە پەرۆشەوە
دەرونی شاد و دڵەی خۆشەوە
بەهەشتی گەشتی ئێوە خۆش ئەکەم
بادەی دڵخۆشی ئێوە نۆش ئەکەم
خەمی کۆنە و نوێی چەن ساڵەی تەمەن
بە دەستی شادی ئەکەین ڕیشەکەن
دەست ئەکەینە مل ئەو خەو بینینە
جا ساڕێژ ئەبێ ئەو گشت برینە
مژدە بێ مژدە دێمەوە لاتان
ئەکەم بژاری باخچەی هیواتان
شاد ئەبینەوە ئەمڕۆ یا سبەی
ئاوات، خۆزگە، خەو ئەبن بە ئۆخەی
ئەژین ژیانێ هەموی ئۆخەی بێ
هەرچی پێی بڵێن خەفەت ئەو نەیبێ
پەپوولەکانم! پەپوولەی ئازیز
وا بە سەر ئەچێ ماتەمیی پاییز

@amanjhajiabdii
Similar tracks